دوکانی زیوفرۆشی
زیو ئەم ماوەیە کڕیاری زۆرە
میدیازان – رێژوان مامە – سلێمانی
+وێنە و ڤیدیۆ
ئەم ماوەیە خەڵک باش روویان کڕینی زیو کردووە، زیو فرۆش هەیە بەدووری نازانێ چەند ساڵێکی ترزیو جێگەی ئاڵتوون بگرێتەوە و بۆ پرۆسەی هاوسەرگیریش لەجیاتی ئاڵتوون بکڕدرێت.
لە هەریەکە تورکیا و ئێران و تایلەند و چین و ئیتاڵیا و ئیماراتەوە زیو هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بە پێی وتەی ڕەوشت فایەق، خاوەنی زیوفرۆشی رەوشت زیوی هیچ وڵاتێک جیاوازیی نییە، تەنها ئەگەر دەستکاریی عەیارەکەی بکرێت.
ئەو کە لە شەقامی مەولەویی شاری سلێمانی دوکانی زیوفرۆشیی هەیە بە میدیازانی وت: “عەیارەی جێگیری زیو ٩٢٥ـە، بەڵام هەندێ جار تورکیا و ئێران لەنێوان ٧٠٠ بۆ ٩٢٥ یاریی بە عەیارەکەی دەکەن و ئەوەش جیاوازیی نرخ و کوالێتی دروست دەکات.”
لەسەرەتا زیو بە شێوەی قاپ و دەفر و پەرداخ و هاوشێوەکانیان هاتووەتە کوردستان و دواتر پەرەی پێ دراوە و خشڵی لێ دروست کراوە.
“ئەوەی جیاوازیی لە نرخی زیودا دروست دەکات شێوازی ئیشە دەستییەکەیە کە تیایدا دەکرێت، بۆ نموونە ئیشی دەستیی وڵاتانی ئێران و تورکیا لە هی وەستای وڵاتانی ئەورووپا هەرزانترە.
میدیازان پەیوەندیی بە یەکێتیی هەناردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستانەوە کرد تا ئاماری هاوردەی زیو بزانێت، بەڵام ئەوان وتیان ئەو ئامارەیان لا نییە. هاوکات پەیوەندیی بە گومرگی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە کرا، بەڵام ئامادە نەبوون ئامارەکە رابگەیەنن.
بە وتەی رەوشت محەمەد، ئەو دوکانانەی کاری تاکفرۆشی دەکەن مانگانە ٣ تا ١٥ کیلۆ زیو دەفرۆشن، ئەوانەی کاری کۆش دەکەن مانگانە ٢٠ تا ٣٠ کیلۆ دەفرۆشن.
دەشڵێت: “کڕیارەکان زیاتر گەنجن، کوڕان زیاتر حەزیان لە مستیلە و ملبەندە، کچانیش دەستبەند و ئەو مۆدێلانەی خشڵی گەورەیان پێوەیە و زۆر مۆدێلی تر کچان حەزیان لێیە.”
وەک ئەو دوکاندارە باسی دەکات، نرخی گرامێک زیو لە نێوان ٢ تا ٩ هەزار دیناردایە، نرخەکانیش بە پێی شێوازی ئیشکردن لە خشڵەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
“دوور نییە چەند ساڵێکی تر تەنانەت بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیریش زیو جێگەی ئاڵتوون بگرێتەوە، چونکە خواست لەسەر زیو بە رێژەی بەرچاو بەرز بووەتەوە” رەوشت فایەق وای وت.