دەبوو بە سێ رۆژ چۆڵیکەن بەڵام چوار مانگە هێشتا لەوێن

964+

هونەر فارس-کەلار

دوای چوار مانگ هێشتا بڕیارێکی شارەوانی کەلار سەبارەت بە چۆڵکردنی بازاڕی گەنم فرۆشان جێبەجێ نەکراوە، بە وتەی شارەوانی لەسەر قەرەبوی دوکاندارەکان وەستاون.

مانگی 12ی ساڵی پار، بە نوسراوێکی فەرمی کە ئیمزای سەرۆکی شارەوانی کەلاری لەسەر بوو، دوکاندارانی کۆڵانی گەنم فرۆشانی بازاڕی کەلار ئاگادارکرانەوە، دەبوو لە سێ ڕۆژدا دوکانەکانیان چۆڵبکەن، دوای چوارمانگ بڕیارەکەی شارەوانی کاری پێنەکراوە.

تۆڕی 964 زانیویەتی، دوای بڕیارەکە کاسبکارانی کۆڵانی گەنم فرۆشان سەردانی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و مەڵبەندی گەرمیانیان کردوە، ئەوانیش دڵنیایی ئەوەیان پێداون کە تاکو دوو ساڵی دیکە دەتوانن لە شوێنەکانیاندا بمێننەوە.

حەیدەر غەفار، یەکێک لە دوکاندارانی کۆڵانی گەنمفرۆشان کە سەردانی مەڵبەندی یەکێتی کردوە، هۆکاری چۆڵنەکردنی دوکانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو شوێنەی بۆیان دیاریکراوە لە بازاڕەوە دوورە و موشتەریان نابێت.

کۆڵانی گەنم فرۆشانی کەلار لە 263 دوکان پێکهاتووە و لە ساڵی 2000 دروستکراوە،  لە ساڵی 2010 کۆتایی بە گرێبەستەکانیان هاتووە و لەوساڵەوە زەریبەیان لێ وەرنەگیراوە و لە هەوڵی ڕوخاندنی دوکانەکاندان، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانی شارەوانی بێسود بووە.

ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانی کەلار بۆ 964 وتی “لە وەزارەتی شارەوانیەوە نوسراومان بۆ هاتۆتەوە و لە هەوڵی ئەوەداین گرفتەکە چارەسەر بکەین, ئێستاش خەریکی ڕێکاری قەرەبووی دوکاندارەکانین”.

سەبارەت بە دەستوەردانی حزبی لە بابەتەکەدا، ئەکرەم ساڵح ئاماژەی بەوەکرد کە بە شێوەی فەرمی هیچ بڕیارێکیان بۆ نەهاتوە، بەڵام پێیان وتون کارێک بکەن دوکانداران بە دڵخۆشی شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.

لەو بازاڕە دوکانی مۆبیلیات، چەرەسات، سەوزە و میوە، ئەلەمنیۆن و چەندین دوکانی دیکە پێکدێن، شوێن بۆ قەرەبوکردنەوەیان ئامادەکراوە.

بڕیارە کۆڵانی گەنم فرۆشان دوای تێکدانی جێگەکەیان لە ژێرەوە بکرێتە گەراجی ئۆتۆمبیل و سەرەوەی بکرێتە پارک.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی