بەهۆی بۆردومانەوە گوندێکی کۆیە چۆڵکرا

ڤیدیۆ

میدیازان – هەژار ئەنوەر – هەولێر

بەهۆی بۆردومانەکانی ئێران، ئەمڕۆ گوندی هەرمۆتە چۆڵکراوە کە دەکەوێتە نزیک شوێنی بۆردومانەکان لە قەزای کۆیە.

بە سۆراغی میدیازان، گوندی هەرمۆتە نزیکەی ١٠٠ ماڵ دەبێت و زۆرینەیان مەسیحیین، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کە نزیکە لە بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات، دانیشتووانەکەی گوندەکەیان چۆڵکردووە و بەرەو شاری کۆیە و دەوروبەری رۆیشتوون.

تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کە پێنج کاتژمێر بەسەر بۆردومانەکەدا تێپەڕیوە، دانیشتووانەکەی نەگەڕاونەتەوە.

هاوکات لە کۆیە، دەوامی قوتابخانەکان راگیراوە و دوکان و بازاڕیش بە زۆری داخراون، خەڵک ترسی لە دوبارەبوونەوەی بۆردمانەکان هەیە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بۆ سێیەم جار ئێران لە رێگای چوار موشەکەوە، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی کردە ئامانج.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، هەشت کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە، بەڵام دواتر ئامارەکە سێ گیان لەدەستدان بەرزبووەوە.

ئەمە سێیەمجارە لە دوو مانگی رابردوودا، لە رێگەی موشەک و درۆنەوە هێرش بکرێتە سەر بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان.

لە رۆژی ٢٨ی ئەیلول بە هەمان شێوە، دوو جار هێرش کرایە سەریان، بەهۆیەوە ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکە برینداربوون.