"پارەكە بۆ شەقام و ئاوەڕۆیە"
زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ 8ی حەسارۆك خەرجدەكرێت
964+
فەهمی نەبی
بە گوژمەی سەرووی دوو ملیار دینار، بڕیاری گەیاندنی شەقام و ئاوەڕۆ بۆ کەرتی 8ـی حەسارۆکی هەولێر دەدرێت.
بڕیارەکە فەرمانێکی وزارییە و ئەمڕۆ دووشەممە 4.4.2023 بە واژۆی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی بڵاوکراوەتەوە.
کەرتی 8ـی حەسارۆکان کە زیاتر لە 16.500 پارچە زەویی 200 مەتری، 250 و 300، 450 و 600 مەترییە، زیاتر لە 17 ساڵە زەوییەکانی دابەشکراوە و خزمەتگوزاری پێ نەگەیشتووە.
وەزارەتی شارەوانی، بڕیاریداوە بە گوژمەی دوو ملیار و پێنج ملیۆن دینار شەقام و ئاوەڕۆ لە كەرتی 8ـی حەسارۆك لە شاری هەولێر.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارتی شارەوانی هاتووە کە پارەکە لەسەر “داهاتی فرۆشتنی زەوییەکانی سنووری شارەوانی هەولێرە بۆ دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی سندوقی و ئاوەڕۆی لوولەیی لە شەقامی (60مەتری/R3) لە گەڕەكی مەریوان كەرتی 8ـی حەسارۆك لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر”.
وا بڕیارە بەو بڕە پارەیە ئاوەڕۆیی سندوقی، شەقام و ئاوەڕۆیی لولەیی لە شەقامی 60 مەتری R3 لە گەڕەکی مەریوان لەو کەرتە پێی دروستبکرێت.
لە ئێستا خەڵکەکەی داوا دەکەن رێگە بە دابەش دوو بدەن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بە هیچ شیوەیەک رێگە بە دابەش دوو نەدات، ئەگەرچی بەشێک لە خاوەن زەوییەکان دەیانجار خۆپیشاندانیان کردووە.
لە 12.5.2021 سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی زەویەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆکی کرد، بڕیاریدا مۆڵەت بدرێتە هاوڵاتیان بۆ دروستکردنی خانوبەرە و خزمەتگوزاری بگەیەننە بەشەکانی ئەو کەرتە کە ژمارەیان 20 هەزار پارچە زەوییە.