رۆژی جیهانی ئۆتیزم-وێنە: 964+
وەزارەتی کار: مووچە بۆ سێ هەزار تووشبووی ئۆتیزم دەبڕدرێتەوە
حکومەتی هەرێم رەزامەندیی دەربڕیوە بودجەیەک دابین بکات بۆ پێدانی بڕە پارەیەکی مانگانە بە نزیکەی سێ هەزار تووشبووی ئۆتیزم، کە لە ساڵی 2012ـەوە تا ئێستا ناویان تۆمارکراوە و هیچیان بۆ نەکراوە.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “نزیکەی سێ هەزار تووشبووی ئۆتیزم لە ساڵی 2012ـەوە ناویان نووسیوە و تا ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە.
وتیشی حکومەت رەزامەندیی داوە مووچەیان بۆ ببڕێتەوە.
بە وتەی ئاریان ئەحمەد، پشکنین بۆ ئەو سێ هەزار کەسە دەکرێت و دواتر ناوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ پێدانی مووچە.
بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتی، کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، بەم دواییانە لە ھەڵەبجە، کۆیە و حاجیاوا سەنتەری تایبەت بە ئۆتیزم كراونەتەوە، ئەوە جگە لەوەی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆكیش هەن.
وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، لە هەرێمی کوردستاندا توانیویانە چارەسەری بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانە حکومییەکان، سەرەنەگرتن لە فڕۆکەخانەکان و کارئاسانی بۆ کردنەوەی سەنتەرەکان بۆ کەسانی ئۆتیزم دەستەبەر بکەن.
ئۆتیزم نەخۆشییەکە کار دەکاتە سەر گەشەکردنی مێشک لە منداڵدا و دەبێتە هۆی تێکچوونی توانای پەیوەندیکردن و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ دەوروبەردا.