کڕینی بەنزین لە عێراق دەبێت بە ئەلیکترۆنی.. ئەی ھەرێمی کوردستان؟

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، کاتێک پرۆسەی کڕینی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان دەبێت بە ئەلیکرۆنی کە موچە و مامەڵەی رۆژانەش بە ئەلیکترۆنی بن، رەنگە ئەوەش بەنزینی حکومەت بگرێتەوە نەک بازرگانی.

حکومەتی عێراق، کڕینی بەنزین لە بەنزیخانەکانی بەغدا و چەند پارێزگایەک دەکات بە ئەلیکترۆنی، لە رێگەیەوە بەنزینی حکومەت بە 450 دینار بۆ ھەر لیترێک بە شۆفێران دەفرۆشێت، پێدانی پارە لە رێگەی کارتی بانکییەوە دەبێت کە پێدانی پارە بە چەند جۆرێک دەبێت لەوانە کارتی پێشوەخت پارە دراو.

ئەم ھەنگاوە بەنزینخانەکانی بەغداد و چەند پارێزگایەک لە عێراق دەگرێتەوە و لە رێگەی ماستەر کارد و کی کارد-یش دەتواندرێت بەنزین بکڕدرێت کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی مامەڵەی دینارە بە کاش، ئەوە ھاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی پرۆژەی “ھەژماری من” کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لە رێگەیەوە دابەشکردنی موچە بکات بە ئەلیکترۆنی.

بەھمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 2.04.2023، بە تۆڕی 964ی وت، “بەو پێیەی حکومەتی عێراق خۆی سەرپەرشتی و دابینکاری بەنزینە، خەڵک لە عێراق دەبێت بۆ دەستکەوتنی بەنزین بە نرخی 450 دینار سوود لە رێکارە ئەلیکترۆنییەکە وەربگرن، پێچەوانەی ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان بەنزینی بازرگانی بوونیەتی زیاترە و نرخیشی جیاوازە”.

وتیشی، “ھەتا ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نەوت و کانزاکان، پێشنیازێکی لەو جۆرەیان بۆ نەکردوین، ھەرکات ھاوشێوەی عێراقی لێبکرێت دەبێت دیراسەبکرێت، کە مافی خەڵک و خاوەن بەنزینیش دیاری بکات”.

“ئەو کارتەی دابین دەکرێت، باوەڕناکەم بەنزینی بازرگانی بگرێتەوە، چونکە نرخ و جۆری جیاوازتری لە بەنزینی حکومی ھەیە، کڕینی بەنزین بە کارت دەبێت لەژێر سەرپەرشتی حکومەت و بۆ بەنزینی حکومی بێت، ئەگینا بەنزینی بازرگانی ھاوڵاتی سەرپشکە دەیکڕێت یان نا” بەھمەن قادر وای وت.

لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ھەریەک لە جۆرەکانی بەنزینی سوپەر بە 1,300 دینار، موحەسەن بە 1,125 دینار و نۆرماڵ بە 925 دینار دەفرۆشرێن، ماوە ماوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەنزینی حکومی بە نرخی 690 دینار بۆ ھەر لیترێک لە ژمارەیەک بەنزینخانەی دیاریکراو دابەشدەکات.

بە گوێرەی بانکی ناوەندی عێراق بێت، فرۆشتنی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکانی عێراق لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی، لەم مانگەوە جێبەجێدەکرێت بە هەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، فرۆشتنی سووتەمەنی لە نۆ بەنزینخانەی شاری بەغدا لە رێگەی کارتی بانکییەوە.