لە هەولێرەوە هاوكاری بۆ 60 ماڵە هەژاری هەریر دەنێرێت

964+

فەرهاد حەسەن

گەنجێك لە هەولێرەوە هاوكاریی 60 ماڵە هەژاری ناحیەی هەریر دەكات و لە رێگەی رێكخراوێكی تایبەتی مرۆییش ئەو هاوكارییانەی دابەش دەكرێت.

كەریم برایم مەرزانی، سەرۆكی رێكخراوی “هەریری من” بۆ كاری مرۆیی، بە 964ـی وت، لەلایەن گەنجێك لە هەولێرەوە هاوكاریان بەدەست گەیشتووە بۆ 60 ماڵە هەژاری ناحیەكەیان، ئەوانیش بە پێی ئەو لیستەی لایانە دابەشی سەر ماڵە هەژارەكانیان كردووە.

مەرزانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو گەنجە و زۆربەی ئەو خەڵكەی هاوكاری دەنێرن، حەزناكەن ناویان بڵاوبكرێتەوە، بەڵام وتیشی “لەرێگەی رێكخراوەكەی ئێمەوە ئەو هاوكارییانەیان دەگەینينە ماڵە هەژارەكان”.

بە قسەی ئەو، ئەوان لیستی ناوی 200 ماڵە هەژار و كەمدەرامەتی ناحیەی هەریریان لایە و هەر هاوكارییەكیش بێت، بە پێی پلەبەندی هەژارییەكەیان بەسەریاندا دابەشی دەكەن.

ئاشكراشی كرد، لە ماوەی ساڵانی 2016 تا 2022 توانیویانە 622 ملیۆن دینار كۆبكەنەوە و دابەشی سەر خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكانی بكەن.

وتیشی “ئەمساڵ تا ئێستا، نزیكەی 50 ملیۆن دینارمان دابەشی سەر ئەو ماڵانە كردووە”.

ناحیەی ھەریر، دەکەوێتە سنووری قەزای شەقڵاوە، لە پارێزگای ھەولێر، ژمارەی دانیشتووانی بە 99 گوندی سنوورەكەیەوە، نزیکەی 35 هەزار کەسە .

لە هەولێرەوە هاوكاری بۆ 60 ماڵە هەژاری هەریر دەنێرێت