وێستگەی كارەبای شاوێس دەكەوێتە كار
میدیازان- كوردستان ئەحمەد- هەولێر
ئەمڕۆ بەشێکی باش لەگەڕەکەکانی هەولێر گرفتی کارەبایان کەم دەبێتەوە، چونکە وێستگەیەکی گەورەی کارەبا لەوشارە دەکەوێتە گەڕ.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان کەوتنەگەڕی تەواوەتی وێستگەی کارەبای شاوێسی راگەیاند.
ئەم وێستگەیە یەكێكە لە گەورەترین وێستگەكانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان کە لەلایەن كۆمپانیای زاگرۆسەوە جێبەجێکراوەو تێچووەکەی نزیکبووەتەوە لە شانزە ملیۆن دۆلار.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبا بەمیدیازانی وت ‘ئەم وێستگەیە فشاری سەر كارەبای باكوری هەولێر چارەسەر دەكات و دەتوانێت پێدانی كارەبا بۆ ناو هەولێر بەهێز تر بكات و تۆڕێكی گەورەی كارەبایی ناوخۆی دروستبكات’.
باکوری هەولێر گەڕەکەکانی شاوێس و پیرزین و دەوروبەری دەگرێتەوە.
لەپارێزگای هەولێر بەم وێستگەیەوە ٢٠ وێستگەی كارەبا هەیە كارەبای نیشتیمانیان بە هاوڵاتیانی شارەكە دەدەن.