گەنمی ئاکرێ بەهۆی مێرووی سن مەترسی لەسەرە

964+

عەمار عەزیز-دهۆک

ئەگەرچی لە ئاکرێ رێژەیەکی باشی باران باریوە، بەڵام بڵاوبونەوەی مێرووی سن جوتیارانی ئەو ناوچەیەی بێ هیواکردووە.

ئەمساڵ لەسنوری قەزای ئاکرێ 120 هەزار دۆنم زەوی گەنمی لێچێندراوە، ئەمەش بەراوورد بە ساڵی پار رێژەکەی زیاترە.

مەجید عوسمان، دانیشتووی گوندی بۆژارێیە لەسنوری ناحیەی بجیل، مەجید بۆ ئەمساڵ 15 دۆنم زەوی کردوەتە گەنم، بە 964ی وت “چەند رۆژێکە مێرووی سن بڵابووەتەوه، ئەم مێرووە بە دوژمنی سەرەکی گەنم دادەنرێت”.

مەجید عوسمان ووتیشی”مێرووی سن، بەزوویی لەنێو گەنم بڵاودەبێتەوە، وا بڕوات دەبێت بە زووترین کات لەسەر گیرفانی خۆمان دەرمانی دژە سن بکڕێن، چونکە حکومەت دەرمانی پێنەداوین”.

فازڵ مستەفا، بەرێوەبەری چاندن لە قەزای ئاکرێ بە 964ی راگەیاند، ئەوان رۆژی 30.3.2023 بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی چەند زەویەکی چاندنیان کردووە لەسنوری ناحیەی بجیل و گردەسێن.

بەرێوەبەری چاندن لە قەزای ئاکرێ وتی “مێرووی سن دەنکی گەم دەخوات لە ئێستادا بە شێوەیەکی زۆر بڵاوبۆتەوە، ئەگەرچی هێشتا گەنم نەگەیشتوەتە قۆناغی دروستبوونی دەنک، بەڵام لەم کاتەدا ئەو گیانەوەرە دەچێتە سەر پەلکەکانی گەنم و گەرای خۆی دادەنێت، ئەگەر ئێستا لەناونەبرێت دوای ماوەیەکی دیکە ژمارەیان زیاتر دەبێت”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964 ساڵی پار سێجار دەرمانی دژە سن بەسەر جوتیارانی ناوچەکە دابەشکراوە، بەڵام ئەمساڵ هێشتا وەزارەت ئەو جۆرە دەرمانەی دابەشنەکردووە.

“ئەمساڵ رێژەی بڵاوبوونەوەی سن زۆرە، بەڵام تا ئێستا ئامارێکی ووردمان نیە، چارەسەر ئەوەیە لەرێگای فرۆکە زەویەکان بڕشینن تا بەیەکجاری لەناو بچێت” ئەمە وتەی فازل مستەفا بوو.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی