ئیسماعیل قائانی:

“تۆڵەی سەخت بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەکانی لوبنان بەڕێوەیە”

شۆڕش قادری

ئیسماعیل قائانی هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، بەهۆی ئەو هێرشانەی دەیکاتە سەر لوبنان، تۆڵەیەکی سەخت چاوەڕێی دەکات.

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە پەیامێکدا دەڵێت، “نەتەنیاهۆی تاوانبار و منداڵکوژ لە لوبنان ویستی بیسەلمێنێت کە لە ئاغاکەی (ئەمریکا) دڕندەتر و دڵڕەقترە، با دوژمن بزانێت کە تۆڵەیەکی سەخت و پەشیمانکەر چاوەڕێی دەکات”.

قائانی ئاماژەی بەوەشکردووە کە مێژووی ئیسرائیل پڕە لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کوشتنی ژن و منداڵانی بێ تاوان.

ئەم قسانەی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی بێ وێنە و بەربڵاویان بۆ سەر سەرکردە و پێگە سەربازییەکانی حزبوڵا لە لوبنان ئەنجامداوە و ئەمڕۆش ئاشکرایان کرد کە جگە لە کوشتنی چەند سەرکردە و چەکدارێکی گروپەکە، سکرتێر و برازای نەعیم قاسم ئەمینداری حزبوڵا لە هێرشەکاندا کوژراوە.