76 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر لە سێدارەدانی قازی محەمەد
964 کۆمەڵێک وێنەی نەبینراوی قازی محەمەد بڵاودەکاتەوە
964+
فەهمی نەبی
ئەمڕۆ 76 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر لە سێدارەدانی قازی محەمەد سەرۆک کۆماری کوردستان لە مەهاباد، 964 کۆمەڵێک وێنەی رۆژانی راگەیاندنی کۆمار بڵاودەکاتەوە، کە بۆ یەکەمجارە دەبینرێن.
قازی محەمەد لە بنەماڵەیەکی ناسراوی مەهاباد لە ساڵی 1893 لەدایک بووە، جگە لە کوردییە رەوانەکەی، زمانەکانی فارسی و عەرەبی بەباشی زانیوە، زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و تاڕادەیەک روسی زانیوە.
دوای مردنی قازی عەلی باوکی، لە ساڵی 1941 بووەتە دادوەر لە شاری مەهاباد، بەر لەو رێکەوتە بەرپرسی فەرمانگەی فەرهەنگ و ئەوقافی شارەکەی بووە.
لە کاتی راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە 22.1.1946 نازناوی “پێشەوا” بە قازی محەمەد بەخشرا .
بەر لە دامەزراندنی کۆمار بووەتە ئەندامی(ژ.ک) و دواتر لە سەروەختی راگەیاندنی کۆمار، پارتی ژیانەوەی کوردستان بوو بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
تەمەنی کۆماری کوردستان تەنیا 11 مانگ بەردەوام بوو، لە رۆژی 10ی خاکەلێوە کە بەرامبەرە بە 30.3.1947 هەریەکە لە قازی محەمەد، سەدری قازی و سەیفی قازی لە گۆڕەپانی چوارچرا لە سێدارەدران.