“بەم نزیکانە بەردی بناغەی دادەنرێت”  

١١٩ هەزار و ٩١٩ كەس ناوی خۆیان بۆ چوار هەزار یەکە تۆمار كردووە

میدیازان – فەرمان سادق – دیکسی هەولێر

کار کردن بۆ دروستکردنی چوار هەزار یەکەی کرێنشینان دەستی پێکردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی نزیکی داهاتوودا سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەکەی دابنێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەردی بناغەی شوقەی كرێچییان دادەنێت لە هەولێر دادەنێت.

پارێزگارى هەولێر، لەبارەی شوقەی كرێچییان ئاشکرای کرد کە دەکەوێتە نێوان هەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری، کە شوێنێکی گرنگ و ستراتیژییە.

“شوقەی كرێچییان دەکەوێتە نێوان هەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری هەولیر”

میدیازان دەزانێت، ١١٩ هەزارو ٩١٩ کەس فۆڕمی وەرگرتنی شوقەی پڕ کردۆتەوە، کە خۆی پڕۆژەکە چوار هەزارو ١٠٠ شوقەیە.

پــرۆژەکـــە ســێ جــۆر یــەکــەی نـیـشــتــەجــێبــوون لـەخـۆ دەگــرێ، هەشتا مەتری بـە پـێـشــەکـی چوار ھـەزار دۆلار، سەد مەتری بـە پـێـشــەکـی پێنج ھـەزار دۆلار و ١٢٠ مەتری بـە پـێـشــەکـی شەش ھــەزار دۆلار دەبـێــت و، قــســتــەكانیش بۆ ماوەی 15 ســـاڵ دەبن.

پارێزگارى هەولێر وتیشی “لیژنەیەك كاری پاككردنەوەی ناوەكان دەكات، دوای پاكتاوكردنی ناوەكان و ئەوانەی مەرجەكانیان تێدایە، ئەوكات بەوپەڕی شەفافی و دادپەروەری و بەپێی مەرجەكان، به‌ چاودێریی داواكاریی گشتی، پرۆسه‌ی تیروپشك بۆ كرێنشینه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ناوەكان رادەگەیەندرێن”.

ئەو چوار هەزار شوقەیە، بەشێکە لەو ٢٠ هەزار شوقەیە کە لەڕێگەی وەبەرھێنان و بە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان دروست دەکرێن.