پەرە بە ئاڵوگۆڕی گرووپی گەشتیاری دەدرێت

هەرێم مارکێتینگ بۆ راکێشانی گەشتیارانی وڵاتانی عەرەبی دەکات

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیایەکی گەورەی گەشتیاریی عومانەوە مارکێتینگ بۆ راکێشانی گەشتیاری وڵاتە عەرەبییەکان دەکات. دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت؛ هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای گەشتوگوزاری عومان دەکەن.

کۆمپانیاکە ناوی “اللمى”ـەیە و سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و رۆژی چوارشەممە 29.3.2023 لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار کۆبووەتەوە.

هەرێم دەیەوێت لە رێگەی ئەو کۆمپانیایەوە، کە چەندان لقی لە وڵاتانی تر هەیە، کوردستان وەک رووگەیەکی گەشتیاری بناسێنێت.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی 964ـی وت “دەمانەوێت گرووپاتی گەشتیاری لەنێوان عومان و وڵاتانی تری عەرەبی و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت”.

ساڵی رابردوو شەش ملیۆن و 39 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، پلانی دەستەی گەشتوگوزار بۆ ئەمساڵ زیادکردنی ئەو رێژەیەیە.

“لەگەڵ دەزگای گەشتیاریی سەڵەتەنەتی عومان گفتوگۆ دەکەین بۆ هەماهەنگیی زیاتری گەشتیاری لەنێوانماندا”، ئیبراهیم عەبدولمەجید وای وت.