گەشتی ئەوروپا بۆ منداڵ و گەنجانی رانیە رێکدەخرێت
ڤیدیۆ
میدیازان – ژیوار قادر – راپەڕین
دامەزراوەیەکی کەلتوری لە رانیە تونیویەتی لەگەڵ بەرپرسانی پۆڵەندا رێکەوتن بکات، تاوەکو لە دوای سەری ساڵی تازە گەشتی ئەو وڵاتە بۆ گروپی منداڵ و گەنجان رێکبخات.
دامەزراوە کەلتورییەکە ناوی رایەڵە و دەڵێت، “لەپێناو ئەوەی گەنجەکانمان ئەزموونی چۆنێتی ژیان لە پۆڵەندا و کارکردنی حکومەتی ئەو وڵاتە بکەن، ئەم رێککەوتنەیان ئەنجامداوە”.
رێککەوتنەکە لەگەڵ شاندێکی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای پۆڵسک لە پۆڵەندا کراوە بە سەرپەرشتی نۆڤا وۆسکی، پارێزگار.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مە، ١٣ی تشرینی دووه‌م، خالید قادر، سه‌رۆكی دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کلتوری و گەشەپێدانی مرۆیی، لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ئەمەی راگەیاند.
خالید قادر وتی، هاوئاهه‌نگییه‌كه لە بوارەکانی رۆشنبیری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییدا ده‌بێت.
هه‌روه‌ها باسی لەوە کرد، لە سەرەتای ساڵی تازەوە گروپی گەنجان و منداڵانی بەهرەمەند بۆ شاری پۆڵسکی وڵاتی پۆڵەندا ده‌نێردرێن، كه ده‌توانن سوود لە ئەزموون و شێوازی کاری ئەو وڵاتە وه‌ربگرن.
“هه‌ر به‌هۆی ئه‌م رێككه‌وتنه‌وه، گروپە هونەرییەکانی شاری رانیە دەتوانن بەشداریی فێستیڤاڵە هونەری و کلتوری و رۆشنبیرییەکانی شاری پۆڵسک بکەن، بڕیاره گروپە هونەرییەکانی ئەو وڵاتەش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سەردانی کوردستان و به تایبه‌تی رانیه بكه‌ن”، خالید قادر وای وت.
رایەڵ، دامەزراوەیەکی كۆمەڵی مەدەنی قازانج نەویستە لە بواری کەلتوری و رۆشنبیری و مرۆیی‌دا كاردەكات، لە ساڵی ٢٠١٠ مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.