شەڕی لێ نەما و بووە گەشتیاری
گوندە فێنکەکەی زاخۆ تەنگی بە گەرمای هاوین هەڵچنیووە
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
گوندی کەشان، بەیەکێک لە گوندە هەرە فێنکەکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی زاخۆ دادەندرێت، بەجۆرێک ئەمساڵ تاوەکو ئێسات پلەی گەرمییەکەی نەگەیشتووەتە 35 پلەی سیلیزی، هەربۆیەشە گەشتیاران بەلێشاو رووی تێدەکەن.
گوندەکە، دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئیدارەی زاخۆ و سەر بە قەزای باتیفایە.
محەمەد گوللی، دانیشتووی گوندەکەیە بە 964 ی وت، فێنکی گوندەکەیان بەراورد بە سەنتەری ئیدارەی زاخۆ، زیاتر لە 10 پلە فێنکترە، هەرچەندە پێشتر بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕەوە هاتوچۆ تێیدا قەدەغە بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی سەقامگیریی ئاسایشییەوە، بووەتە جێی سەرنجی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران.
محەمەد دەڵێت “گوندنشینان سەرقاڵی کشتوکاڵکردن و بەشێکیشیان بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئیشتاش بەشێکی دیکە بە بەڕێوەبردنی کەپری گەشتیارییەوە خەریکن”.
باس لەوەشدەکات، لە زستاناندا بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی و بەستنی ئاوی تانکییەکان، خەڵکەکەی روو لە سەنتەری زاخۆ دەکەن.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن