عێراق و ئێران

“نابێ خاک و ئاسمانی یه‌كتر دژی وڵاتانی دراوسێ به‌كاربهێنن”

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

لیژنەی هاوبەشی رێککەوتنی ئاسایشی نێوان عێراق و ئێران ئه‌مڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەی خۆیان لە تاران ئه‌نجام دا، شاندی هەردوولا جەختیان لە درێژەی گفتوگۆ و گرنگی هەماهەنگی سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە کردەوە و ئه‌وه‌شیان دووپاتكرده‌وه‌، نابێ خاکی وڵات و ئاسمانی یه‌كتر بکرێتە شوێنی ئه‌نجامدانی هێرش بۆ سەر دەوڵەتانی دراوسێ.

نووسینگەی راگەیاندنی قاسم عەبودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، راگه‌یاندراوێكی رۆژنامەوانی بڵاوكرده‌وه،‌ “لیژنەی رێککەوتنی ئاسایشی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران رۆژی یەکشەممە لە تاران کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و شاندەکانی هەردوولا ئامادەبوون”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووه‌، “تاوتوێی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، پرسی کۆنتڕۆڵکردن و ئاسایشی سنووری هاوبەش کراوە، بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆڕی زانیاری ئەمنی، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، تاوانە ڕێکخراوەکان و قاچاخچێتی، جگە لە رێکخستنی کارپێکردنی دەروازە سنوورییەکان و ئاسانکاریکردن بۆ جوڵەی بازرگانی و گەشتیاران و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات”.

‌”بەردەوامیی گفتوگۆ و کاری لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، گرنگیی هەماهەنگی سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، هەروەها نابێ خاک و ئاسمانی هەردوو وڵات ببێتە مەیدانی ئه‌نجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ”، ئه‌مه‌ش له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌.