بۆنی رابردووی نەبڕاوە
90 ساڵ بۆنی بەهارات؛ تەرازوییەک چیرۆک دەگێڕێتەوە
رازاو محەمەد – سلێمانی
لە دڵی قەیسەری نەقیبدا، لە نێو بۆنی بەهارات و گژوگیای سروشتیدا، دوکانێکی دێرین هەیە کە نزیکەی 90 ساڵە چیرۆکی پیشەیەکی رەسەن لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازێتەوە، دوکانێک کە تەنیا شوێنی فرۆشتنی بەهارات نییە، بەڵکو بەشێکە لە مێژوو و ناسنامەی بازاڕی کۆنی سلێمانی.
ئەم دوکانە ئێستا زیاتر لە شوێنی بازرگانی، گەنجینەیەکی زیندووی مێژووە، شوێنێک کە تێیدا بۆنی رابردوو هێشتا نەبڕاوە.
بورهانی حاجی ئیبراهیم، یەکێک لە بەهارات فرۆشە دێرینەکانی قەیسەری نەقیب، درێژەدەری رێچکەی باوکی داوە و لەگەڵ براکانی هەوڵ دەدات ئەم پیشە میراتییە بپارێزێت.
رەفەکانی دوکانەکەی پڕن لە جۆرەها گژوگیا و بەهاراتی ڕەسەن، وەک پونە، نەعنا، جاترە، سماق، ڕازیانە، زیرە و گژنیژ، ئەو ماددانەی کە تامی تایبەتیان بە خواردنی کوردی دەبەخشن.
بورهانی حاخ ئیبراهیم وتی، پێی وایە تام و بۆنی بەهاراتی ئەمڕۆ وەک جاران نییە و بەکارهێنانی پەینی کیمیایی و گۆڕانی شێوازی کشتوکاڵ لە هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییەن.
لە نێو دوکانەکەدا تەرازوییەکی کۆن هێشتا بەردەوامە لە کارکردن، تەرازوویەک کە 50 ساڵە لەگەڵ خێزانەکەدایە و بووەتە هێمای متمانە و بەردەوامی، لەگەڵ ئەم یادەوەرییە خۆشانەدا، سوتانی قەیسەری نەقیبیش هێشتا وەک تاڵترین رووداو لە یادەوەریی بورهانی بەهارات فرۆش ماوەتەوە، کارەساتێک کە زیانێکی گەورەی بە دوکانداران و مێژووی ئەم بازاڕە گەیاند.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا