راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان:

“هیچ بۆرییەکی نەوتی قاچاغ لە مەرزەکەمان نەدۆزراوەتەوە”

شۆڕش قادری

مەرزی پەروێزخان رەتیدەکاتەوە هیچ بۆرییەکی نەوتی قاچاغ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە مەرزەکە دۆزرابێتەوە.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، “سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن، بۆری نەوتی قاچاغ لە دەروازەی پەروێزخان لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە دۆزراوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکراوە، ئەو هەواڵەی کە وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر دۆزینەوەی بۆری نەوتی قاچاغ بڵاویکردووەتەوە لە پارێزگای سەڵاحەدینە.

دەقی روونکردنەوەکەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە خوارەوە؛

روونکردنەوە…

دوای ئەوەی چەند پەیج و ئەکاونتێک بەمەبەستی ناشیرینکردنی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و بەمەبەست دەنگۆیەکیان بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا دەڵێن بۆری نەوتی قاچاغ لە دەروازەی پەروێزخان لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە دۆزراوەتەوە، بەپێویستی دەزانین لێرەوە هەموو لایەک ئاگاداربکەینەوە سەرجەم ئەو دەنگۆ و بوختانانە ڕەتدەکەینەوە و بەدرۆی دەخەینەوە.

هاونیشتیمانانی بەڕێز ئەو هەواڵە کە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاوی کردۆتەوە (دۆزینەوەی بۆری نەوتی قاچاغ) لە پارێزگای سەڵاحەدینە و لە هەواڵەکەی وەزارەتی بەرگری عێراقدا بەڕوونی ئاماژەی پێکراوە.

بەڵام ئەوانەی بەمەبەست دەیانەوێت هاوڵاتیان چەواشە بکەن، نایانەوێت ڕووداوەکان وەک خۆی بگات بە هاونیشتیمانیان، بۆیە هیوادارین ئەوکەسانەی لەپشت بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانەوەن بەرپرسیارانە و پیشەیانە مامەڵە بکەن پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک بەدواداچوون بکەن، لەڕاستی و دروستی هەواڵەکە بکۆڵنەوە پێش بڵاوکردنەوەی.

ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان