هەورکردنی پەردەی مێشک لەناوە

لە یەکەم وانەوە خوێندنگەکانی کەرکوک پشکنین بۆ قوتابیان دەکەن

ئەحمەد مستەفا

بەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی مەترسیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە چەند شارێکی عێراق، پەروەردەی کەرکوک رێنمایی نوێی بۆ خوێندگاكان دەرکرد، ئەوەش بۆ پاراستنی تەندروستیی خوێندکاران و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، داوا لە بەڕێوەبەرانی خوێندگا کراوە لە یەکەم وانەی رۆژەوە بەدواداچوونی تەندروستیی خوێندکاران بکەن و هەر خوێندکارێک نیشانەکانی نەخۆشییەکەی تێدا دەرکەوت، دەستبەجێ مۆڵەتی نەخۆشیی پێ بدرێت و خێزانەکەی ئاگادار بکرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای واسط بەهەمان هۆکار خوێندنی لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە راگرتووە، لە کاتێکدا لە چەند شارێکی دیکەی عێراقیش رێنماییەکانی خۆپارێزی بڵاوکراونەتەوە.

هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکە کە پەردەکانی دەوری مێشک و مۆخی پشت دەگرێتەوە و دەتوانێت بەهۆی بەکتریا، ڤایرۆس، کەڕوو یان هۆکارەکانی دیکەوە دروست ببێت.

جۆری نەخۆشییەکە و ئاستی مەترسییەکەی بەپێی هۆکاری تووشبوون دەگۆڕێت و پێویستی بە پشکنین و چارەسەری پزیشکی هەیە.