حەوت زمان دەزانێت و لە پێنج وڵات دیبلۆماتكاری ئەمریكا بووە

کوردێک دەبێت بە باڵوێزی ئەمریكا لە میسر

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
كۆشكی سپی، دەڵێت جۆ بایدن كچە كوردێكی كاندید كردووە بۆ باڵوێزی وڵاتەكەی لە میسر.

هێرۆ مستەفا، دیبلۆماتكارێكی كوردە، تا مانگی ئاداری ساڵی 2023 باڵوێزی ئەمریكا بوو لە بولگاریا.

پێشتر و لە ساڵی 2019 دیبلۆماتكاری باڵای ئەمریكا بوو لە هندستان و پورتوگال و لوبنان و یۆنان و عێراق.

هێرۆ مستەفا، زمانی كوردی و ئینگلیزی و فارسی و یۆنانی و بولگاری و پورتوگالی دەزانێت.

براوەی خەڵاتی (Matilda W. Sinclaire)  لە جیهاندا كە بۆ بواری شارەزایی لە زماندا دەدرێت بە كەسە بەناوبانگ و بەهێزەكان.

لە ساڵی 2021 خەڵاتێكی گەورە و تایبەتی لە بواری سەركەوتوترین ئەو كەسانە وەرگرت كە كۆچیان بۆ ئەمریكا كردووە، ئەم خەڵاتە لەلایەن دامەزراوەی كارنگی ئەمریكییەوە دەدرێت بەكەسە سەركەوتووەكان.

لە ساڵی 2009 فیلمێكی دۆكۆمێنتاری لەسەر ژیانی بەرهەمهێنرا كە باس لە ژیانی دەكات لەسەرەتای منداڵییەوە تا كاتی كۆچكردن و كاركردنی لە ئەمریكا .

لەگەڵ کۆندەلیزا ڕایس، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا كاری دیبلۆماتكاری كردووە.

دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا، هێرۆ مستەفای كاندید كرد بۆ پۆستی باڵوێزی ئەو وڵاتە لە میسر، پێویستە ئەنجومەنی سیناد پۆستەكە پەسەند بكات.