مهسرور بارزانی:
“عێراق خۆی پڕە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت با ئهوان بنبڕ بكهن”
ئهرسهلان عهبدوڵا
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، بڕیاربەدەستانی بەغدا، باوەڕیان بە فیدرالیزم نییە و دهیانهوێت بە عەقڵییەتێکی مهركهزی مامهڵه بكهن، ههروهها دهیانهوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن.
ئێوارهی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.11.2026 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لهگهڵ باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کۆبووهوه.
مهسرور بارزانی رایگهیاند، بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت، کە قبوڵکراو نییە.
ههروهها وتی، “ئەگەر بڕیاربەدەستانی بەغدا، بەڕاستی مەبەستیان سەروەریی یاسایە، عێراق پڕە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت، با ئەوانە بنبڕ بکەن.
ههواڵهكه له ماڵپەڕی فهرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وهک راگەیەندراوێک بڵاوکراوهتهوه و تێیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیداڵ.
مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای 2003ـەوە، سیستمی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزم بونیاد نرا و هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور قەوارەیەکی دەستووری و یاساییە، بەڵام بڕیاربەدەستانی بەغدا، باوەڕیان بە فیدراڵیزم نییە و دەیانەوێت بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن.
سەرۆکی حکومەت جهختی لهوه كردووه، دەبێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت نەک بە شێوەیەک کە ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیان بێت جێبەجێی بکەن و ماددەکانی دیکەش فەرامۆش بکەن، وەک ماددەی 140 کە چەندین ساڵە جێبەجێ نەکراوە، دۆخی نائاسایی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمیش ئاسایی نەکراوەتەوە.
مهسرور بارزانی ئهوهشی بۆ ئامادهبووان خستهڕوو، كه کێشەی گەلی کوردستان لەگەڵ حکومەتی بەغدا، تەنیا موچە و بودجە نییە، بەڵکو ماف و دۆزی رەوای گەلی کوردستان و داننانن و رێزگرتنە لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
وتیشی: ئێمە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری حکومەتی فیدراڵ بووین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کاری نایاسایی و ئامادەشین بۆ هەموو هاوکارییەک لەمبارەیەوە و بۆ چارەکردنی هەموو کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، هیوادارین لە هەموو عێراق ئەوە کارە نایاساییانەی هەن بنبڕ بکرێن، بەڵام ئەو رێکار و بڕیارانەی بەم دواییانە، بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دژی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەرچوون، دەستووری نین و رەتی دەکەینەوه.
بهپێی راگهیاندراوهكه، مهسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، “ئێمە لەگەڵ بنبڕکردنی گەندەڵی و دزینی سامانی سروشتین لە هەموو عێراق و هەموو هاوکاریەکیش پێشکەش دەکەین؛ بەڵام بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە قبووڵکراو نییە”.
سەرۆکی حکومەتی ههرێمی كوردستان، جەختی لهوهش کردەوە، گەلی کوردستان بە هەموو هێزێکییەوە، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابێت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان دووپات کردەوە.