لەناو پارکێک دایدەنێن
دوای 70 ساڵ تاقە پاسەکەی حاجی حەسەن و گەرمیان گەڕێندرایەوە
میلاد جەلال – گەرمیان
ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری ئیڤایە و مۆدێلی 1951 بە پاسەکەی حاجی حەسەن ناسراوە، لە ساڵی 1956 لە سنووری گەرمیان تاکە ھۆکاری گواستنەوەی ھاوڵاتیان بووە لە نێوان گوندەکان، جگە لە سەرنشین ئاژەڵیشی پێگوازراوەتەوە.
کامیل کاکەخان ئامۆزای حاجی حەسەنە ئۆتۆمبێلەکەی ھێناوەتەوە بۆ کەلار بە 964ـی وت، “پاسەکە لە گوندێکی سنووری پارێزگای دیالە بووە لای شێخێک، سێ مانگە ھەوڵی لەگەڵ دەدەین تاکو توانیمان رازی بکەین ئۆتۆمبێلەکەمان پێبداتەوە”.
“پاسەکەی حاجی حەسەن مێژووە بۆ ئەم شارە، تاکە ھۆکاری گواستنەوە بووە لەساڵی 1956 لەسنووری گەرمیان، جگە لە ھاتووچۆی نێوان گوندەکان رۆیشتووە بۆ سلێمانی و بەغداد و شارەکانی دیکەش، ھەروەھا لەیەک کاتدا سەرنشین و ئاژەڵیش بەم پاسە ھاتوچۆیان کردووە”کامیل کاکەخان وای وت.
ئاماژەی بەوش کرد، ئۆتۆمبێلەکە تەنھا بەشە ئاسنیەکەی نۆژەندەکەینەوە، ئەو بەشەی کە دارە دەستکاری ناکەین بۆئەوەی شێوازە کۆنەکەی تێک نەچێت، ئێستا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی پاسەکەن، دواتر لە یەکێک لە پارکەکانی کەلار وەک مێژوی شارەکە دایدەنێین.
پێداچوونەوە؛ توانا نەقی