ئەو کارگەیەی سووتا چپسی فاخیر هەریری بەرهەمهێناوە

964+

رێباز یونس

ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی جیپس لە سنووری قەزای بەحرکەی شاری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە بەشێکی زۆری کارگەکە سووتا.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964، نزیکەی هەشت تیمی بەرگری شارستانی بەشدارییان لە کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا کردووە، کارگەکە تایبەت بووە بە بەرهەمهێنانی جپس لەوانە جیسی “فاخیر حەریری” و چەند جۆرێکی دیکە و هاوکات وەک کۆگاش بەکارهێنراوە، هەرچەندە بەشە زۆرەکەی کارگە بووە.

هەڤاڵ مزوری، شایەتحاڵی رووداوەکە، باس لەوە دەکات کە نزیکەی کاتژمێرێک پێشتر لە شوێنەکە بووە و ئاگرەکە زۆر گەورە بووە، دەشڵێت: «نزیک چوار بۆ پێنج قاعە هەموویان بە تەواوەتی سووتاون، هیچ شتێک نەماوە و تەنها دیواری ماوە»

سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و دۆخی سیستمی غاز لە ناو کارگەکەدا، هەڤاڵ مزوری ئاماژە بەوە دەکات کە ئاگاداری وردەکارییەکە نین و دەڵێت: نازانین چۆن بووە و دەستپێکەکەی چی بووە، تەنها ئەوەندە ماوە کە سەرقاڵی کوژاندنەوە و کۆتاییهێنانن بە ئاگرەکە.

پێداچوونەوە : پەری ساڵح