"هەژموون و دەسەڵاتی عێراق رەتدەکەینەوە"
قوتابیانی و مامۆستایانی سلێمانیش لە پۆلەکانیان هاتنەدەر و پەیامی خۆیان گەیاند
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
قوتابیانی و مامۆستایانی ئامادەیی زانستیی ناحکومیی شاری سلێمانی لە پۆلەکانیان هاتنەدەر و دژی بڕیارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دەنگیان هەڵبڕی.
بەشێک لەو قوتابیانە قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، “کوردستان لەناو رۆح و دڵمانیدایە، لە ئێستاشدا پێویستە زیاتر لە هەموو کاتێک یەکڕیز و یەکگرتوو بین و خۆشەویستی خۆمان بۆ نیشتمان و خاک دەرببڕین”.
نەریمان حەسەن مامۆستا لە قوتابخانەکەش دەڵێت، “ئێمە هەر دەڵێین، یەکە یەکە، بەڵام ئەمجارە پێویستە بە کردار بیسەلمێنین کە کورد یەکەو نابێ بەدوو”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەموو شێوەیەک ئەو هەژموون و دەسەڵاتە رەتدەکەنەوە کە حکومەتی عێراق دەیەوێ بەسەر کوردستاندا بیسەپێنێ.
رۆژی سێشەممە 24.11.2026 عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری دژبە بەرهەمهێنانی نەوت و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی توندی بەرپرسانی هەرێم و هەموو خەڵکی کوردی لێکەوتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری