سلێمانى
دۆلار هەموو شتێکى گرانکردووە؛ بازاڕییەک 25 هەزار جیاوازییەکەیەتى
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى
دواى ئەوەى بانکى ناوەندى و حکومەتى عێراق بەهاى 100 دۆلاریان بۆ 150 هەزار دینار بەرزکردەوە، ئەمە بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى سەرجەم پێداویستى رۆژانەى خەڵک لە بازاڕ، لە ناو هەموشیاندا برنج زۆرترین گرانبوونى بەخۆیەوە بینیوە.
ئەحمەد محەمەد، پەیامنێرى 964 لە سلێمانى، چووەتە مارکێتێکى سلێمانى و بازاڕییەکى ئاسایى کردووە و 14 جۆر کەلوپەل و خۆراکى رۆژانەى کڕیوە لە (برنج، رۆن، ئاوەتەماتە، شیر، پیاز، تەماتە، خەیار و چەند جۆرێکى تر)، کە کۆى گشتى نرخى هەمویان 65 هەزار و 250 دینارە.
هەمان ئەو کەلوپەلانەى ئەمڕۆ ئەحمەد کڕیویەتى، ئەگەر پێش بەرزبوونەوەى دۆلار بیکڕیایە باى 40 هەزار و 500 دینار دەبوو، بەمەش 25 هەزار دینار جیاوازییەکەیەتى.
ژیار لوقمان خاوەنى ئەو مارکێتەیە کە ئەحمەد شتەکانى لێ کڕیوە، بۆ 964 باسى لەوە کرد، بەگشتى نرخى هەموو شتێک بەرز بووەتەوە، بەڵام لە ناو هەموویاندا برنج زۆرترین بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە.
“فەردەیەک برنجى 25 کیلۆیى 25 هەزار دینارى چووەتەسەر”، ژیار لوقمان واى وت.
روونیشى کردەوە، بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخەکان، بازاڕ لاواز بووە و خەڵکیش وەک پێشتر ناتوانن شت بکڕن.
رۆژى 7.10.2026، بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی گۆڕانکاری لە نرخی فرۆشتنی دۆلاردا راگەیاند.
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی داراییەوە بە 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک دیاریکرد، هەروەها نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان بە 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک (واتە 100 دۆلار بە 151 هەزار دینار)، دیاریکرد.
جگە لەوە نرخی فرۆشتنی دۆلاری نەختینەیی بە هاوڵاتیان بە 1520 دینار دیاریکرا، (واتە 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار).
پێداچوونەوە: وریا فەتاح