بەخشین، نەک قسە
15 ساڵە بێ بەرامبەر گۆپاڵ دەبەخشێتەوە
ئاکام غەفور – سۆران
مام عارف ساڵح، دانیشتووی گوندی خەلان لە ئیدارەی سۆران، بۆ ماوەی 15 ساڵە بە خۆشەویستی و خۆبەخشی گۆپاڵ دروست دەکات و بەبێ هیچ بەرامبەرێک دەیبەخشێتەوە بەو کەسانەی پێویستییان پێیەتی.
مام عارف دەڵێت، گۆپاڵ لە کەلتوور و ژیانی خەڵکی سورچیایەتییدا تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکوو هێما و رەمزێکی تایبەتە و بایەخێکی کەلتووریی هەیە.
بەپێی قسەکانی، ئەو ساڵانە نزیکەی 100 گۆپاڵ دروست دەکات و بە خۆڕایی دەیداتە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی، بێ ئەوەی هیچ چاوەڕوانییەکی دارایی لە بەرامبەردا هەبێت.
ئەوەی چیرۆکی مام عارف زیاتر جێگەی سەرنج دەکات، ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی یەک دەستی نییە، بەڵام ئەم دۆخە نەیتوانیوە ببێتە بەربەست لەبەردەم کار و خۆبەخشییەکەی.
چیرۆکی مام عارف نموونەیەکە لە خۆشەویستی بۆ کەلتوور، یارمەتیدانی خەڵک و بەردەوامبوون لە کارێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا