بەس کرێکار وەک خۆیەتى
“ئەوەى کەیفت پێینایە خۆزگە بخوازە خانوو بکات”؛ بلۆک و شیش و چیمەنتۆ گرانبوون
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بلۆک و شیش و چیمەنتۆ ئەوەندە گرانبووە، خۆزگە بخوازە ئەوەى کەیفت پێنایەت خانوو دروست بکات، بەڵام ئەوەى وەکخۆى ماوەتەوە کرێکار و وەستاى قوڕبەسەرە، نرخى هەموو شتێک گرانبووە، ئەوان هەر بە نرخى جاران کار دەکەن.
فەرەیدون فاخیر کە وەستایەکى گەنج و بەسەلیقەى شارى هەولێرە، بە 964ـى وت،”لە 2010ـەوە لەناو بلۆک و شیش و چیمەنتۆم، قەت هێندەى ئێستا گران نەبووە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، شیش تۆنێکى 50 دۆلارى چووەتەسەر و بلۆکیش 1000 دانەى بووە بە 600 هەزار کە جاران تەنیا بە 300 هەزار بوو. بەشێوەیەک جاران ئەگەر دیوار و سەقفى خانوویەکى 100 مەتر یەک دەفتەر دۆلارى تێچوبا، ئێستا 130 گەڵا و زیاتریشى تێدەچێت.
بە قسەى وەستا فەرەیدون، نرخى هەموو شتێ گرانبووە، لە تایت و سابوونەوە بیگرە تا دەگات بە بلۆک و شیش، بەڵام ئەوەى وەکخۆى ماوەتەوە و گران نەبووە، حەقى ماندووبوونى وەستاو کرێکارە کە هەر بە نرخەکەى جارانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح