به‌یانیان جه‌نجاڵه‌

شه‌قامی 120مه‌تریی هه‌ولێر چیتر پۆزی نه‌ماوه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

چیتر شه‌قامی 120 مه‌تریی هه‌ولێر،‌ پۆزی نه‌ماوه، به‌یانیانیان جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆری پێوه‌یه‌ و شۆفێران به‌ ئاسانی ناگه‌نه‌ شوێنی كار و مه‌به‌ست.

كامێرای 964 دیمه‌نه‌كانی ئه‌مڕۆ به‌یانیی سێشه‌ممه‌ 24.11.2026ی گرتووه‌، كه‌ قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر به‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، چه‌ند شوێنێكی شه‌قامه‌كه‌ بوونه‌ته‌ گرێكوێره‌، به‌ تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی ده‌ته‌وێت دابه‌زیت بۆ شه‌قامی 100 مه‌تری.

به‌ شێوه‌یه‌كی دیاریكراویش ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌بنه‌ جه‌نجاڵی، به‌رده‌م په‌یمانگه‌ ساڤا و بازاڕی سپی، شه‌قامی دابه‌زین به‌ره‌و رێگای كه‌ركوک، هه‌روه‌ها دابه‌زین به‌ره‌و رێگای شه‌قڵاوه‌.

پێشتر له‌ هه‌ولێر پۆز به‌ شه‌قامی 120 مه‌تری لێده‌درا، كه‌ خه‌ڵكی شار پێیان وابوو شاده‌ماری هاتوچۆیه‌ و فریادڕه‌سی جه‌نجاڵیی سه‌نته‌ری شار و شه‌قامه‌كانی تره‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ سه‌رده‌مانێك بوو، چونكه‌ به‌م دواییانه‌ باڵه‌خانه‌ی جۆراوجۆر، پڕۆژه‌ی بازرگانی و بازاڕی زۆر له‌ ده‌وروبه‌ری شه‌قامه‌كه‌ دروست كراوه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كیی قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌یه‌ و پۆلیسی هاتوچۆش هه‌رچه‌نده‌ ئاماده‌ییان له‌ شه‌قامه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ تازه‌یان هێشتا پێ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

ئێستا شه‌قامی 120 مه‌تری، ته‌نیا له‌ رۆژانی پشوودا ئاساییه‌ و قه‌ره‌باڵغ نییه‌.

شه‌قامی 120 مه‌تری، به‌ شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی به‌ ده‌وری هه‌ولێردا دروست كراوه‌، درێژییه‌كه‌ی 38 كیلۆمه‌تره‌ و له‌ 2019 به‌ ته‌واوی كرایه‌وه‌.