مام کامەرانی جوتیار
ریش سپییە و لە تەنیشت گەنجەکانەوە خۆی فێردەکات
میلاد جەلال – گەرمیان
جوتیارێکی ریش سپی لە گەرمیان، کە ساڵی 1987 ئامادەیی کشتوکاڵی تەواوکردووە، دوای تێپەڕبوونی 39 ساڵ بەشداری خولێکی شیاندنی کشتوکاڵی دەکات، بۆ ئەوەی بە زانیاریی زانستی زیاتر باخەکەی پێش بخات و بەرهەمی زیاتر بخاتە بازاڕەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان ئەم خولەی بۆ دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان کردووەتەوە و بەشداری لە خولەکەش مەرجێکی پێویستە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت سەرپەرشتی پرۆژە کشتوکاڵییەکان بکەن.
کامەران محەمەد، جوتیارەکەیە ئەو بە تۆڕی 964ی وت، خۆی خاوەنی باخە و بەهۆی ئەوەی دەیەوێت گرنگی زیاتر بە باخەکەی بدات و بەرهەمی زیاتر بەرهەمبهێنێت، پێویستی بە بەشداری لەم خولە هەبووە.
ئەو دەڵێت، هەرچەندە ساڵانێکی زۆرە لە بواری کشتوکاڵدا کار دەکات، بەڵام ئەم خولە دەرفەتێکی گرنگە بۆ فێربوونی رێگاکانی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی باخەکان بە شێوەیەکی زانستی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا