پێش کڕین دەتوانیت تێستی بکەیت
بە بارهەڵگرێکەوە هەزار لیتر شەربەتی هەناری بردووەتە فێستیڤاڵی کەلار
میلاد جەلال- گەرمیان
فرۆشیارێکی شەربەتی هەنار بە شێوازێکی جیاواز و بە بارهەڵگرێکەوە چووەتە فێستیڤاڵی بازاڕی کەلار و نزیکەی هەزار لیتر شەربەتی سروشتی دەفرۆشێت، پێش کڕینیش هاووڵاتییان دەتوانن تامی بکەن.
سەردار حەسەن کە لە دەرەوەی فێستیڤاڵەکە بارهەڵگرێکی پڕ لە شەربەتی هەناری داناوە، بە 964ـی وت: “شەربەتەکەمان تەواو سروشتییە و چەند جۆرێکی هەناری هەڵەبجەیە تێکەڵی دەکەین، هیچ رەنگ و تامێکی تێناکەین و بە شەرت دەیفرۆشین”.
سەبارەت بە پاراستنی شەربەتەکەش لە تێکچوون، ئەو فرۆشیارە وتی، “نزیکەی هەزار لیتر شەربەتمان هێناوە، شەو و رۆژ ساردکەرەوە ئیش دەکات بۆ ئەوەی شەربەتەکەمان خراپ نەبێت و هاووڵاتییان گلەییان نەبێت”.
سەردار حەسەن جگە لە فرۆشتنی شەربەتەکەی، چەندین دەبەی داناوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان تێستی بکەن و پێش کڕین لێی بخۆنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح