"سیتەک خۆشە"

هاوڵاتییەکى چینى؛ 20 ساڵە لە سلێمانى دەژى و حەزى لە “یاپلاغە

964+
رازاو محەمەد- سلێمانى

20ساڵ ژیان لە سلێمانی تەنیا یادگاری نەبووە بۆ فینگە یوێی هاووڵاتیی چین، بەڵکو وایکردووە شارەزای گەشت و سەیرانگاکانی کوردستان ببێت، بە کوردی بدوێت و وەک خۆی دەڵێت “سیتەک زۆر خۆشە”.
فینگە کە بە کوردی قسەی بۆ پەیامنێری 964 کرد، باسی لە حەزى خۆی بۆ خواردنی کوردەواری کرد و وتی، حەزی لە خواردنی کوردەوارییە بەتایبەت خواردنی ماڵەوە و یاپراخ، کە بە شێوەزارە تایبەتەکەی خۆی پێی دەڵێت “یاپلاغ”.
بەهۆی ئەو ساڵە درێژانەی لە سلێمانى ژیاوە کە 20 ساڵە، فینگە بە تەواوی شارەزای دەوروبەری سلێمانی بووە، زوو زوو دەچێتە سیتەک، هاوکات بەهۆی ئەوەی زۆربەی هاوڕێکانی خەڵکی پێنجوێنن، زوو زوو سەردانی ئەوێش دەکات، بەتایبەتی لە کاتی بەفرباریندا.
هەرچەندە فینگە دوو مانگ جارێک دەگەڕێتەوە بۆ چین، بەڵام سلێمانى بە بەشێک بە خۆى دەبینێت و دەڵێت،”ماڵى دووەممە”.
ئەو هاوڵاتییە چینییە لە سلێمانى لە بوارى دانان و سەرپەرشتیکردن و چاککردنەوەى بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر)کار دەکات و تایبەت بەو ئیشە لە سلێمانییە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح