لە سێیەم شوێن ماددەکە بینرا

کەسێک لەسەر رژاندنی ماددە رەشەکەی شارەزوور دەستگیرکرا

بڕوا مەجید – شارەزوور

ماددە رەشەکە هەفتەیەکە بەرۆکی شارەزوور بەرنادا و ئەمجارەش لە گوندی میرەدێ بینرا، کەسێکیش مەتۆمەتی رشتنی ماددەکە دەستگیرکرا.

پەیامنێری 964 گەیشە شوێنی سێیەمی رژاندنی ماددە رەشەکە و بەنزیکەی 100 مەتر ماددەکە لەنزیک گوندی میرەدێ لە ناحیەی زەڕایەن رژاوە و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو سەرچاوەی ئاوی گوندی میرەدێ.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی زەڕایەن بە 964ـی وت، دوای ئەوەی لەلایەن تیمی 964ـەوە ئاگادارکراونەتەوە، توانیویانە کەسێک دەستگیربکەن و دەست بگرن بەسەر تانکەرێکدا کە بووەتە هۆی رژانی ماددە رەشەکە.

دەشڵێت، “لێکۆڵینەوەی زیاتر لەگەڵ ئەو کەسەدا دەکرێت تا بزانین لە چەند شوینی دیکە ئەو ماددەیەی رشتووە و دانیشی بەوەدا ناوە لە دوو شوێنی قەزای شارەزوو ماددەکەی رشتووە.”

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا