به‌ نۆ جۆر سووته‌مه‌نی و وزه‌ كار ده‌كات

گیزه‌ری حه‌ربی عاله‌می سێیه‌م له‌ هه‌ولێر دروست كرا

رێباز یونس

ئێستا له‌ هه‌ولێر جۆره‌ گیزه‌رێكی گه‌رمكردنی ئاو (بۆیله‌ر) پێشخراوه‌، كه‌ به‌ نۆ جۆره‌ سووته‌مه‌نی و وزه‌ كار ده‌كات و ماته‌ڵ نابی ئه‌گه‌ر كاره‌با نه‌بێت، یان نه‌وت و غازت ده‌ستنكه‌وێت، بۆیه‌ ئه‌و وه‌ستایه‌ی ئه‌و كاره‌ی كردووه‌، ناوی لێناوه‌ گیزه‌ری حه‌ربی عاله‌می سێیه‌م (جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م).

وه‌ستا گه‌یلان خۆرانی فرۆشیاری گیزه‌ره‌ و له‌ هه‌مان كاتدا وه‌ک به‌ 964ی راگه‌یاند، خۆی ده‌ستكاری جۆره‌ گیزه‌رێكی ئێرانی كردووه‌ و پێشی خستووه‌، كه‌ خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌ غاز و كاره‌با ئیش ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و وای لێكردووه‌ به چه‌ند جۆر وزه‌ و سووته‌مه‌نی دیكه‌ كار بكات، وەک ” کارەبای نیشتمانی، مۆلیدە، وزه‌ی خۆر، نەوت، غاز، دار، روونی پیس، گاز و نەوتی رەش”.

وه‌ستا گه‌یلان ده‌ڵێت، گیزه‌ره‌كه‌ بە نیو کاتژمێر ئاو گەرم دەکات.

ئه‌و ئاشكرای ده‌كات به‌ دوو کاتژمێر داهێنانی له‌ گیزه‌ره‌كه‌ كردووه‌ و وایان لێكردووه‌ به‌م شێوه‌یه‌ كار بكات.

گیزه‌ره‌كه‌ دوو جۆریشی هه‌یه‌ و جۆرێكی بۆ ناو شار ده‌بێت و جۆره‌كی تریان ده‌كرێت بۆ مه‌زره‌عه‌ و ده‌شت و ماڵه‌كانی گوند سوودی لێوه‌ربگرن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا