بێمنەتە

هەناری هەڵەبجە دەکاتە روبەهەنار و دەڵێت: “ئەگەر دراوسێکەتان بەدڵی نەبوو بۆمان بێننەوە”

میلاد جەلال – گەرمیان

لە ناو کەشی حەوتەمین فێستیڤاڵی بازاڕ لە کەلار، دیمەنی کوڵاندنی هەنار لەسەر ئاگری دار سەرنجی میوانەکان رادەکێشێت، کە گەنجێکى شارى هەڵەبجە بە جلێکی کوردیی جوان و کوڵەباڵەوە لەپێش چاوی خەڵک خۆیان روبەهەنار دروست دەکات.

کەیوان  فەریق، هەناری ناوداری “ساڵەخانی”ـی هەڵەبجەی لەگەڵ خۆی بردووەتە کەلار و بە شێوازە کۆن و رەسەنەکە لەسەر ئاگری دار دەیکوڵێنێت، کە 12 بۆ 14 کاتژمێری پێویستە تا خەست دەبێتەوە و دەبێتە روبەهەنارێکی ئامادە.

ئەو لەبارەی ئەم کارە زیندووەی لە ناو فێستیڤاڵەکەدا بە 964ـی وت، “حەزمان کرد لێرە لە پێش چاوی هاووڵاتییان خۆیان روبەهەنارەکە دروست بکەین و بە فرێشی بیکڕن”.
متمانەى کەیوان بە روبەهەنارەکەى هێندە گەورەیە، دەڵێت: بیبەنە ماڵەوە، ئەگەر دراوسێکەشتان بە دڵی نەبوو بۆمان بێننەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح