کە ئازادکران سەرتاشخانە بکەنەوە

لە زینداندان و خۆیان فێری سەرتاشی دەکەن

میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە چاکسازی گەورانی هەولێر، خولێکی فێربوونی سەرتاشی بۆ ئەو سزادراوانە کرایەوە کە ماوەی سێ مانگیان ماوەو ئازاد دەکرێن، دواتر دەتوانن سەرتاشخانەی تایبەت بەخۆیان بکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ـی تشرینی دووەم، هۆبەی راهێنان و پیشەیی لە چاکسازی گەورانی هەولێر خولێکی فێربوونی سەرتاشی بۆ ژمارەیەک سزادراو کردەوە.

موسلح عومەر حسۆ، بەرپرسی راگەیاندن بە میدیازانی راگەیاند، ١٣ سزادراو بەشدارییان لە خولەکە کردووە، کە خولێکی بێ بەرامبەرە.

میدیازان دەزانێت، راهێنەرانەرانی خولەکە دوو سزادراوی ناو چاکسازی گەورانی هەولێرن و، خولەکەش دوو مانگ دەخایەنێت و بڕوانامەش وەردەگرن و، دوای دەرچوونیان لە چاکسازی بۆیان هەیە دوکانی سەرتاشی بکەنەوە.

بەرپرسی راگەیاندنی چاکسازی گەورانی هەولێر، ئەوەی روونکردەوە کە مەرجی بەشداریکردن بۆ ئەو کەسانە بووە کە تەنیا ماوەی سێ مانگ سزایەکەیان ماوە.