وێنەی سێڵفی مەرگی بەدواوەیە
میدیازان – پەرستۆ ساڵح – لایف ستایڵ
گەنجان بۆ گرتنی وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی سێڵفی سەرکێشی بە ژیانی خۆیان دەکەن، بە جۆرێک لە ١١ ساڵی رابردوو، ٣٧٩ کەس بەو هۆکارە گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی راپۆرتێکی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی.
” لە ١١ ساڵی رابردوو، ٣٧٩ کەس بەهۆی سێڵفیەوە گیانیان لەدەستداوە”
گیانلەدەستدان بەهۆی سێڵفی دوای ئەوە دێت، کەسێک هەوڵدەدات لە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی مەترسیدار وێنە بگرێت، یان لە ئاژەڵە دڕندەکان نزیکدەبێتەوە.
بۆ نمونە زینای ١٧ ساڵ، کە کچێکی روسی بوو، لە ساڵی ٢٠١٤، بۆ وێنەیەکی سێڵفی دەچێتە سەر هێڵی ئاسنینی پردی شەمەندەفەری سانت پترسبۆرگ، بەڵام نەیزانی هاوسەنگی لەدەست دەدات و کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
لە هەمان ساڵدا، دوو هاوسەری پۆڵەندی دەچنە سەر یەکێک لە لێوارە بەرزەکانی چیا بەردینەکانی کابۆدارۆکا لە رۆژئاوای پورتوگال، بەڵام هاوسەنگی لەدەست دەدەن و دەکەونە خوارەوە لە بەرزی سەدان مەترەوە و گیان لەدەست دەدەن بە بەرچاوی کوڕەکەیانەوە کە تەمەنی شەش ساڵان دەبێت.
زانیارییەکان ئاماژە دەدەن، بە بەرزبوونەوەی ئاستی مردنەکان بەهۆی سێڵفیەوە، چونکە لە ساڵی ٢٠١١ تەنیا سێ حاڵەتی مردن تۆمارکراوە، لەکاتێکدا تا ساڵی ٢٠١٦ ژمارەکە بۆ ٩٨ حاڵەتی مردن بەرزبووەتەوە.
بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی جیھان زۆرترین رێژەی مردن بەھۆی سێڵفیەوە لە ھیندستان بووە، پاشان روسیا و پلەی سێیەمیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پاکستان دێت، زۆرترین رێژەی مردنیش لە پیاواندا بووە کە تەمەنیان کەمتر بووە لە ٣٠ ساڵ.
“بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی جیھان زۆرترین رێژەی مردن بەھۆی سێڵفیەوە لە ھیندستان بووە”
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرترین رێژەی گرتنی وێنەی سێڵفی لای خانمانە، بەڵام پیاوان سەرکێشی دەکەن بۆ تۆمارکردنی وێنەی سێڵفی، وەک وەستان لەسەر لێواری بەرزاییەکان.