لە سلێمانی
خولی باشتر وتنەوەی وانە بۆ 50 هەزار مامۆستا دەکرێتەوە
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
پەروەردەی سلێمانی لە ئامادەکاریدایە بۆ کردنەوەی خولی باشتر وانە وتنەوە بۆ مامۆستایان، ئێستا 600 مامۆستا لە راهێناندان بۆ ئەوەی دواتر خولەکان بڵێنەوە.
پڕۆژەکە هی د.فایەق سەعید، نووسەر و پسپۆڕی بواری پەروەردەیە، کە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی کردووە و بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە.
تۆڕی 964، دەزانێت ئەو خولانە بۆ مامۆستایانی هەموو کوردستان دەکرێنەوە، بەڵام سەرەتا لە پارێزگای سلێمانییەوە دەستیپێکردووە.
عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی وت “ئەو 600 مامۆستایە لە لایەن فایەق سەعید خۆیەوە راهێنانیان پێدەکرێت و دواتر ئەوان خولەکان بۆ سەرجەم مامۆستایانی سنووری پەروەردەکەمان دەکەنەوە”.
دەشڵێت: لە ئاییندەیەکی نزیکدا خولەکان بۆ سەرجەم مامۆستایان دەستپێدەکەن.
لە سنووری 10 پەروەردەی سلێمانی نزیکەی 50 هەزار مامۆستا بوونیان هەیە بە وانەبێژانەوە.
“لە خولەکاندا مامۆستایان فێری باشتر نزیکبوونەوە لە قوتابی و شێوازە گونجاوەکانی گەیاندنی زانیاری دەکرێن”، عومەر محەمەد وای وت.