رەنج پشدەری، چالاکوانی کۆچبەران بۆ 964:

 تەنیا لەم مانگەدا زیاتر لە 30 تەرمی کۆچبەران دۆزراونەتەوە

کوردستان جەلال

رووداوەکانی خنکانی کۆچبەران زیادیان کردووە و ئەمڕۆش تەرمی گەنجێکی کورد لە تورکیا دۆزرایەوە.

رەنج پشدەری، چالاکوانی کۆچبەران لە ئەوروپا بۆ 964، وتی، “ئەمڕۆ ئاگادارکرامەوە تەرمی گەنجێکی کوردی تەمەن 19 بۆ 20 ساڵ لە تورکیا دۆزراوەتەوە، کە لە ئاودا خنکاوە”.

وتیشی، “هێشتا شیکاری DNAـی بۆ تەرمەکە نەکراوە، بەڵام داوا لەو کەسانە دەکرێت کە کوڕیان ونبووە بچن پشکنین بکەن، بۆ ئەوەی دواتر کە پشکنین بۆ تەرمەکە کرا بزانن کوڕی ئەوانە یان نا و تا ئێستا چەند کەسێک پەیوەندییان کردووە”.

“رووداوەکانی خنکان لەم ماوەیەدا زیادیان کردووە، تەنیا لەماوەی ئەم 21 رۆژەی مانگی 11دا تەرمی زیاتر لە 30 کۆچبەر دۆزراونه‌ته‌وه‌، کە زۆرینەیان کوردن و تەمەنیان لە خوار 20 ساڵەوە بووە”، رەنج پشدەری وادەڵێت.