"ئیشی 25 کرێکار دەکات"
جوتیارێکی شارەزوور ئامێرێکی نوێ بۆ دروێنەکردنی چەڵتوک بەکاردەهێنێت
بڕوا مەجید – شارەزوور
جوتیارێکی گوندی بێستانسوور ئامێرێکی نوێی دروێنەکردنی چەڵتووکی هێناوەتە دەشتی شارەزوور و دەڵێت، “کارئاسانیمان بۆ دەکات و ئیشی 25 کرێکار دەکات.”
وریا عەلی، خەریکی کاری جوتیارییە لە بێستانسوور و بە 964ـی وت: ئەم ئامێرە تەنیا شۆفێرێکی دەوێت و کاری 20 بۆ 25 کرێکار دەکات، تایەکانی بەشێوەی زنجیری دروستکراوە کە بۆ عەرزی قوڕ و تەڕیش دەبێت.
ئامێرەکە لە چین دروستکراوە و وریا عەلی دەڵێت: سێ ئیشی کردووە بە ئیشێک و تەنیا کرێی یەک کرێکار ئەدەی ئەویش شۆفێرەکەیە.
وریا عەلی هۆکاری هێنانی ئەو ئامێرە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە کرێکار کەم دەستدەکەوێت و دەڵێت، “خەڵک کرێکاری ناکات، کرێکار ئەگەر دەستیشبکەوێت بە 35 هەزار ئیش دەکات، ئەویش تا کاتژمێر چواری ئێوارە.”
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا