قەڵاکەی حەمە پاشای جاف بێ پاسەوانە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ماوەی ساڵ و نیوێکە قەڵای شێروانە بێ پاسەوانە، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیانیش دەڵێت پێمان دەڵێن میلاک نییە.
پێشتر پۆلیسی گەرمیان ئەرکی پاراستنی قەڵاکەی لە ئەستۆ بووە، ئێستا لە لایەن کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیانەوە پاسەوانی قەڵاکە دەکرێت، کە پیشەی خۆی باخەوانە، ساڵح محەمەد وای وت.
ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە 964 وت “ماوەی ساڵ و نیوێکە قەڵای شێروانە بێ پاسەوانە، پێشتر پۆلیسی گەرمیان ئەرکی پاراستنی قەڵاکەی لە ئەستۆبووە، بەڵام بە ھۆی کەمیی میلاکەوە پۆلیس پاسەوانەکانی خۆی گەڕاندەوە و پێیان وتین خۆمان پێویستمانە، لەوکاتەوە کارمەندێکی مەدەنی خۆمان پاسەوانی قەڵاکە دەکات، کە پیشەی باخەوانە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، نووسراویان کردووە بۆ ئیدارەی گەرمیان و پۆلیسی گەرمیان بۆ ئەوەی پاسەوانیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام پێیان وتراوە میلاکیان کەمە و ناتوانن پۆلیس بنێرن بۆ پاسەوانی قەڵاکە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان دەڵێت، ئەمساڵیش دووبارە نووسراویان کردووە بۆ پۆلیسی گەرمیان و ئەوانیش ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆیان کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان وەرنەگرتووە.
قەڵای شێروانە، قەڵایەکی کۆنی مێژووییە لە ساڵی1866 لەلایەن حەمە پاشای جاف، لەسەر تەپۆڵکەیەکی دەستکرد لەسەر رووباری سیروان لە شاری کەلار لە شێوەی چوارگۆشەدا بنیاتی ناوە، لە ساڵی1876 قەڵاکەی تەواو کردووە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق