گرێبەستی کارمەندانی کۆرۆنا درێژ نەکراوەتەوە
ساغکردنەوەی هەواڵ
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستی کارمەندانی تایبەت بە کۆرۆنا، بەڵام ئەوە دوورە لە راستی، بە سۆراغی میدیازان.
دەنگۆکە لە ژمارەیەک میدیا بڵاوکراوەتەوە، گوایە “ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی ٥٠٢ كارمەندی تەندروستی دەربڕیوە”.
میدیازان پەیوەندی کرد بە هەوراز فارس، بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئەو رەتیکردەوە بڕیارێکی لەو جۆرە درابێت لە ئەنجومەنی وەزیران.
ئاماژەی بەوە کرد، ئەنجومەنی وەزیران نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتەکەیان کردووە، پرسیاری کردووە ئایا لەکاتێکدا مەترسی کۆرۆنا کەمبووەتەوە، چۆن سود لەو کارمەندانە وەردەگرن و دەیانەوێت لەکوێ کاریان پێبکەن؟
بەو کارمەندانە دەوترێت کارمەندەکانی کۆرۆنا، ژمارەیان ٥٠٢ کەسە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە شێوەی گرێبەست لە نەخۆشخانەکان دامەزرێندران.
هەوراز فارس باسی لەوە کرد، ئەمان لای خۆیانەوە نوسراویان کردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی، داوایان لێکردوون روونکردنەوەیان پێبدەن لەبارەی پێداویستییەکانیان بەو کارمەندانە.
کارمەندەکان لە دوو ساڵی کارکردنیاندا موچەیان هەر وەکو خۆیەتی و نەگۆڕاوە، چونکە هەمیشەیی نین، ئەوانەی دەرچووی پەیمانگان ٤٢٥ هەزار دینارە، ئەوانەیشی دەرچووی زانکۆن ٥٢٥ هەزار دینارە.
رۆژی ٩ی ئەم مانگە، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە و داوای ئەوەیان کرد بکرێنە هەمیشەیی.
بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیری تەندروستی بە دووری زانی بکرێنە هەمیشەیی، بەڵام وتی، لە وردبینیدان بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکانیان.