دەستگێڕەكانی مانگی رەمەزان دەبرێنە پاركی نەورۆز
قەرەباڵغی ناو بازاڕی دهۆک کەمدەکرێتەوه
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان کۆمەڵێک کەس لەناو چەند شەقامێکی ناو شار و شۆستەكان کەلوپەل و پێداویستی رەمەزان و جەژن دەفرۆشن، بۆ ئەم ساڵ پێشنیازکراوە شوێنەکانیان بگۆڕن بۆ ناو پارکی نەورۆز لە سەنتەری شار.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە 964ی وت، وەک هاوکاری هەموو ساڵێک لەمانگی رەمەزان مۆڵەت دەدەنە چەند کەسێک کە پێداویستی و کەلوپەلی مانگی رەمەزان و جەژن لە چەند شەقامێکی لاوەکی ناو سەنتەری دهۆک بفڕۆشن، بە مەرجێک دوای تەواوبوونیان شوێنەکانی خۆیان پاک بکەنەوە، ئەوەش بەهاوکاری پۆلیس و چەند لایەنێکی تر.
وتیشی، بۆ ئەمساڵ پێشنیازکراوە شوێنەکەیان بگوازرێتەوە بۆ ناو پارکی نەورۆز لە سەنتەری شار، بەڵام گرێبەستی ئەو پارکە لە نێوان کۆمپانیای “یوبی گرۆپ” و پارێزگای دهۆکە، ئەوان بڕیاری کۆتایی دەدەن، پێشنیازێکی باشە چونکە قەرەباڵغی ناو بازار کەم دەبێتەوه.
هەموو ساڵێک لە مانگی رەمەزان شارەوانی دهۆک موڵەت دەداتە چەند کەسێک کە پێداویستی مانگی رەمەزان و جەژن لە ناو چەند شەقامێکی سەنتەری دهۆک و شۆستەکان بفرۆشن، بە مەرجێک خۆیان شوێنەکانیان پاک بکنەوە.