هەولێر و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و گاز گەیشتنە رێککەوتن

964+

فەرمان سادق

هەولێر و بەغدا لەسەر پڕۆژە یاسای نەوت و گاز گەیشتنە رێککەوتن، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت لە زووترین کات دەخرێتە کارنامەی پەرلەمان.

دوای سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت و بەرپرسانی سێکتەری نەوتی عێراق، پەرلەمانتارێکی یژنەی نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتن.

زەینەب موسەوی، پەرلەمانتاری لیژنەی نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە کە هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز.

زیاتر وتی “پەرلەمانی عێراق کار دەکات لەسەر تێپەڕاندنی یاسایەکە لە وەرزەکانی داهاتووی دانیشتنەکانی پەرلەمان”.

بە قسەی ئەو پەرلەمانتارە بێت ئەوا گفتوگۆکان لەسەر رەشنووسی یاسایەکە بەردەوامە بۆ چارەسەری یەکجارەکی کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

دەشڵێت: بە گوێرەی ناوەڕۆکی یاسایەکە بێت داهاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە گەنجینەی حکومەتی عێراق.