بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان:
ئەو بڕەی ئێستا لە دەریاچەی دوکان هەیە هاوین و پایزی داهاتووی پێ بەڕێدەکەین
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان رایدەگەیەنێت، ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان دوو مەتر بەرز بۆتەوە، بەجۆرێکە پێداویستی ئەمساڵ هاوین و پایزی داهاتووش دەکات، لەلایەکی دیکە ماڵپەڕی حکومەت رێژەی ئاوی چەند بەنداوێکی بڵاوکردەوە.
بەنداوی دوکان لەساڵی 1954 لەلایەن کۆمپانیای دۆمیز بالوتی فەرەنسیەوە دەستکراوە بە دروستکردنی، بەنداوەکە 60 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانیەوە دوورە.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان، ئەمڕۆ 27.3.2023 بۆ 964 وتی “لەماوەی 20 رۆژی رابردوودا ئاوی ئەو دەریاچەیە دوو مەتر زیادیکردووە و رۆژانەش زیاد دەکات، لە مانگی سێ حاڵمان خراپ بوو، بەڵام ئەو شەپۆلە بارانەی هات رێژەی گلدانەوەی ئاوی بەرزکردەوە، وا پێشبینی دەکەین ئەمساڵ حاڵمان لەساڵی پار باشتر بێت”.
بە وتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان، بەراورد بە ساڵی پار ئەم کاتانە مەترێک و 20 سانتیمەتر ئاوی دەریاچەکە کەمترە بەڵام وا پێشبینی دەکەن ئەمساڵ رێژەکەی بەرزتر بێت لەوەی هەیە.
کۆچەر جەمال دڵنیاییدا لەبارەی رێژەی پێویستی ئاوی دەریاچەکە، دەڵێت: ئەو بڕەی ئێستا لە دەریاچەکە هەیە هاوین و پایزی داهاتووی پێ بەڕێدەکەین.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، رێژەی ئاوی چەند بەنداوێکی بڵاوکردەوە.
بەڕێوەبەری بەنداوی خنس رایگەیاندوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکە 22 مەتر بەرزبۆتەوە، ئەمەش جگە لەوەی لە بەنداوەکە چوار ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە.
بەگوێرەی زانیاری ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم بێت، هەر لە پارێزگای دهۆک بەنداوی کەشکان نزیکەی 600 هەزار مەتر سێجا ئاوی گلداوەتەوە.
ئەوەش هاتووە کارکردن لە پۆندی بانی مارانی دەشتی کۆیە دەستیپێکردوەتەوە، کە %75ی کارەکانی تەواو بووە، بەرزی بەنداوەکە 16 مەتر و درێژیەکەی 60 مەترە.
هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی ستراتیژی و زیاتر لە 14 بەنداوی دیکەی هەیە کە بە کۆی گشتیان ساڵانە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە.