دوای هەفتەیەک گەڕان

هەمووان لە دۆزینەوەی تەرمی سامان بێهیوا بوون

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

دوای شەش رۆژ لە گەڕان بەشوێن دۆزینەوەی تەرمی گەنجێک بەناوی سامان عەبدوڵا لە دەریاچەی دەربەندیخان، هیچ سەرەداوێک نەدۆزراوەتەوە و تیمەکان بێھیوابوون لە گەڕان و چاوەڕێن سەر ئاو بکەوێت.

سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی 964 وت، دوای چەندین ھەوڵ و ھێنانی کامێرای ژێر دەریایی لە ناوچەکانی خوارووی عێراق بۆ گەڕان بەدوای تەرمی سامان، بەڵام ھەوڵەکان بێسوود بوون و ئەو تیمەش گەڕانەوە شوێنی خۆیان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک تیمەکانی حکومەت ھیچ کارێکیان لە دەسەڵات نەماوە بیکەن و ھەوڵەکان گەیشتوون بە بنبەست، لە سبەینێوە بە بەلەم تەنیا چاودێری رووبارەکە دەکەن و چاوەڕێ دەکەن تاوەکو تەرمەکەی سەرئاو دەکەوێت.

شەوی21 لەسەر 22ی ئەم مانگە، سێ کەس بە بەلەم دەڕۆنە دەریاچەی دەربەندیخان، دواتر بەلەمەکەیان وەردەگەڕێت، کەسێکیان بەناوی (سامان عەبدوڵا) کە تەمەنی37 ساڵ بوو، خنکاوە و چارەنووسی تەرمەکەی نادیارە.