ستونێکی کارەبا لە ناوەڕاستی شەقامێکی هەولێرە

ڤیدیۆ

میدیازان – مەریەم ئەحمەد – هەولێر

ستونێکی کارەبا لە ناوەڕاستی شەقامێک چووە با ئاسماندا لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر، شارەوانی دەڵێت پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی کارەباوە هەیە و ئەوانیش گوایە تاوەکو کۆتایی هەفتە دەیگوێزنەوە.

پەیامنێری میدیازان چووە گەڕەکەکە، ستونەکە لە ناوەڕاستی شەقامەکەدایە و خەڵکی گەڕەکەکەش دەڵێن، تاوەکو ئێستا چەند جارێک ئۆتۆمبێل خۆی پیادا کێشاوە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیازان کە لە خەڵکی گەڕەکەکەی وەرگرتووە، ماوەی مانگێکە ئەم دیمەنە زەق بووەتەوە، واتە لەو کاتەوەی کۆڵانەکە قیرتاوکراوە.

پێشتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ ستونەکە لەوێدا بووە، بەڵام لەبەرئەوەی خانووەکانی گەڕەکەکە کەم بوون و قیرتاویش نەبووە، ئەوەندە تەرکیزی لەسەر نەبووە.

میدیازان پەیوەندی کرد، بە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر، سیامەند كەریم، وتەبێژەکەیان رایگەیاند، ئەو بابەتە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا هەیە.

میدیازان چەندین جار پەیوەندی کرد بە بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای هەولێر، کەچی وەڵامی نەدایەوە، بەڵام کارمەندێکی فەرمانگەکە پێی وتین، “تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە چارەسەری گرفتەکە دەکەین و ستونەکە دەگوێزینەوە”.