ئەوە نەکرێت نرخەکەی زیاتر بەرز دەبێتەوە
چارەسەری خێرا بۆ رێگری لە گرانبوونی گۆشت پێشنیار دەکرێت
964+
پیشەوا محەمەد – سلێمانی
بۆ دەربازبوون لە پڕکردنەوەی پێداویستیی گۆشت و رێگرتن لە زیاتر گرانبوونی نرخەکەی، پێشنیاری هێنانی ئاژەڵ لە وڵاتانی سوودان و پاکستان دەکرێت.
زیاتر لە مانگێکە نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و نرخی کیلۆیەک لەنێوان 18 تا 23 هەزار دیناردایە.
هۆکاری گرانبوونی نرخی گۆشت لە بازاڕەکان بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە، کە بەهۆی گرانبوونییەوە ئێستا ئاژەڵ هاوردە ناکرێت و لە ناوخۆشدا ئالیکی ئاژەڵ گران بووە و نرخی گۆشتی بەرز کردووەتەوە.
شاڵاو عارف، سەرۆکی رێکخراوی ڤێتێرنەری لەپێناو ژیاندا بۆ تۆڕی 964ـی ئاشکرا کرد، چارەسەری بەپەلە ئەوەیە ئاژەڵ لە وڵاتانی وەک سوودان و پاکستانەوە بهێندرێت، چونکە وەک ئەو دەڵێت نرخی ئاژەڵ لەو وڵاتانە هەرزانە.
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 80 هەزار تۆن گۆشتی ئاژەڵ هەیە و لەو بڕەش 40%ـی لەناوخۆدا دابین دەکرێت و ئەوەی تری پشت بە ئاژەڵی هاوردە دەبەسترێت.
شاڵاو عارف کە هاوکات پزیشکی ڤێتێرنەریی کوشتارگەی نوێی سلێمانییە راشیگەیاند: بۆ دوورمەوداش دەبێت حکومەت تووخمی ئاژەڵی کوردی دروست بکات کە ئێستا نییە، “ئەو جۆرە ئاژەڵە ساڵانە دووجار دەزێت و شیر و گۆشتیشی زۆرە و لەگەڵ کەشوهەوای هەرێمی کوردستانیشدا دەگونجێت”.