ئەو هۆڵەی گڕی لە 250 منداڵ بەردا

دوای 65 ساڵ، شاشەی سینەمای عامودا رۆشن بوویەوە

ئیبراهیم حەسەن – عامودا

دوای زیاتر لە 65 ساڵ لە کارەساتەکەی سینەمای عامودا کە 280 منداڵی کورد تێیدا گیانیان لەدەستدا، شاشەی سینەما لە شارەکە دووبارە رۆشن دەبێتەوە.

ئەوەش بۆ یەکەمجار لە دوای ئاگرکەوتنەوە گوماناوییەکەی رۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1960، هەر لەوێ فیلمی کوردی بێکەس نمایش کرا.

ناوەندی رۆشنبیری کولتورڤان بە بەرنامەیەکی تایبەت، یادەوەری ئەو رووداوە مێژووییەی بەبیرهێنایەوە، رووداوێک کە یادەکەی هێشتا لە ناو دڵی شاری عامودا ماوەتەوە.

بەرنامەکە بە نمایشێکی میوزیکی لەلایەن تیپی کولتورڤان دەست پێکرد، پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە یادەوەرییەکانی کارەساتەکە بەڕێوەچوو.

لە بەشی سەرەکیی بەرنامەکەش، فیلمی کوردی بێکەس نمایش کرا، بەم شێوەیە، شاشەی سینەماک دوای دەهەها ساڵ، جارێکی تر لە عامودا رۆشن دەبێتەوە؛ بەڵام ئەمجارە بۆ زیندووکردنەوەی یادەوەری و هونەر.

ئاگرکەوتنەوەکەی سینەمای شەهرەزاد (کە بە کارەساتی سینەمای عامودا ناسراوە) ئەم رووداوە بە یەکێک لە دڵتەزێنترین کارەساتەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد دادەنرێت کە تێیدا زیاتر لە 280 منداڵی کورد گیانیان لەدەستدا.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا سووریا و میسر لەژێر ناوی “کۆماری عەرەبی یەکگرتوو” یەکیان گرتبوو. بەڕێوبەری شارەدێی عامودا قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری عامودای ناچار کرد کە بچنە سینەما بۆ بینینی فیلمێکی میسری بە ناوی “شبح منتصف الليل”، ئامانجی ئەو چالاکییە کۆکردنەوەی پارە بوو بۆ پشتگیریکردنی شۆڕشی جەزائیر دژی داگیرکاری فەرەنسا. 

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا