ناوچەی پیشەسازی دهۆک دادەخرێت

میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆك

شارەوانی دهۆک ٤٥ رۆژ مۆڵەتی داناوە بۆ پیشەوەران تاوەکو ناوچەی پیشەسازی چۆڵ بکەن و بچنە شوێنە نوێیەکەیان. 

ناوچەی پیشەسازی نوێ لە دهۆك دەكەوێتە ناوچەی ئاڵوكا كە دەكەوێتە باشوری شاری دهۆك، شوێنە كۆنەكەش دادەخرێت و دەكرێت بە ناوچەیەكی داخراو لە پرۆژە كانی دهۆكدا.

ناوچەی پیشەسازی نوێی دهۆك لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٩ دروستكراوە و لەسەر رووبەری ٣٦٠ دۆنم، زیاتر لە دوو هەزار شوێن و دوكانی تێدایە كە رووبەری هەر دوكانێكیان لە ٤٠ تا هەزار مەترە و پڕۆژەكە ٧٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە.

زانا ئیبراهیم، ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە پرۆژەکە بە میدیازانی وت، “تەواوی پرۆژەکە لەسەر ستانداری نێودەوڵەتی دروستکراوە، سیستمی ئاو، کارەبا و کۆژانەوە هەمووی لەژێر زەوی دروستکراوە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستمان پێکردووە و لە ئازاری ئەمساڵ تەواوبووە، رادەستی حکومەتیش کراوە تەنیا ئەوە ماوە بە فەرمی بکرێتەوە”.

زانا ئیبراهیم باسی لەوەکرد، کە شارەوانی دهۆک ٤٥ رۆژ مۆڵەتی داوە بە کاسبکاران و پیشەوەران، لەو ماوەیەدا دەبێت کەلوپەلی خۆیان بگوێزنەوە بۆ ناوچە تازەکە.

بە سۆراغی میدیازان، هەرکەسێک لە ناوچەی پیشەسازی کۆن دوکانی هەبووبێت، لە ناوچە تازەکە دوکانێکی پێدراوە، بەڵام دەبێت کرێی دروستکردنی دوکانەکەی بدات کە بە قیستی چوار ساڵە، بە مانگانەی ٢٠٠ دۆلار.

ئەوانەی ئێستا لە پێشەسازی کۆن ئیشدەکەن نزیکەی هەزار و ٦٠٠ کەس دەبن، بەڵام لە ناوچە تازەکە دەتواندرێت شەش بۆ ١٠ هەزار کەس کاری تێدا بکات، ئەمە بە قسەی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە.