کارمەندانی نەخۆشخانەیەکی کەلار چاوەڕێی بەربانگی خێرخوازانن

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

نەخۆشخانەی قەڵا بۆ ھەناوی و منداڵان لە کەلار، بەھۆی “بێ پارەییەوە” خواردن نادات بەو کارمەندانەی رۆژانە لە نەخۆشخانەکە دەمێننەوە.

تۆڕی 964 زانیویەتی سەرجەم نەخۆشخانەکانی تەندروستی گەرمیان بێخواردنن.

کارمەندانی نەخۆشخانەکە داوای یارمەتی لە خێرخوازان دەکەن.

دوای سێ مانگ لە نەبوونی خواردن لە نەخۆشخانەکان، تەندروستی گەرمیان دەڵێت، کێشەکەیان چارەسەر کردبوو، بەڵام تەنیا بۆ ماوەی مانگێک، ئێستا دووبارە گرفتی نەبوونی خواردن هەیە.

ھونەر خالد یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا، بە تۆڕی 964 وت، رۆژانە 16 کارمەند و خۆبەخش لە نەخۆشخانەکە دەمێننەوە، کارمەندەکان بەڕۆژوون، یان دەبێت بڕۆنەوە ماڵەوە بۆ نانخواردن یاخود دەبێت خۆیان لە ماڵەوە خواردن بھێنین.

داواکارە خێرخوازانی گەرمیان خوانی بەربانگیان بۆ ئامادە بکەن و بتوانن رۆژوەکەیان بشکێنن، دەشڵێت، “راستە ئەمە ئەرکی تەندروستی گەرمیانە خواردنمان بۆ دابین بکات، بەڵام دەڵێن پارە نییە”.

تۆڕی 964 لەمبارەیەوە چەندجارێک پەیوەندی بە بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا کرد، بەڵام پەیوەندیرکەیان بێ وەڵام بوو.